|
 KTV .. وته‌بێژی ره‌سمیی هێزه‌كانی پاراستنی سنور و جێگری وه‌زیری پێشمه‌رگه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه رایگه‌یاند (90) هه‌زار له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان خانه‌نشین ده‌كرێن و بیست هه‌زاری تر ده‌خرێته چوارچێوه‌ی دوو فیرقه‌ی سوپای عێراقییه‌وه و به‌م شێوه‌یه‌ش به پێی رێكه‌وتنه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌ركه‌زیدا ژماره‌ی هێزی پێشمه‌رگه كه‌مده‌كرێته‌وه بۆ (80) هه‌زار پێشمه‌رگه.
جه‌بار یاوه‌ر له لێدوانێكدا به ئاژانسی هه‌واڵی سه‌ربه‌خۆی (ده‌نگه‌كانی عێراق) ی راگه‌یاند "وه‌فدێكی هێزێكی پاراستنی هه‌رێم (پێشمه‌رگه) سه‌ردانی به‌غدای كردووه و بڕیاره رێكه‌وتنه‌كانی تایبه‌ت به پاسه‌وانانی هه‌رێم و میلاكاتی پاسه‌وانانی هه‌رێم و بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ ئه‌و هێزه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌ركه‌زیدا یه‌كلایی بكاته‌وه."
وتیشی "حاڵی حازر ژماره‌ی هێزی پێشمه‌رگه ده‌گاته (190) هه‌زار پێشمه‌رگه و به پێی رێكه‌وتنه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌ركه‌زیدا ئه‌و ژماره‌یه كه‌مده‌كرێته‌وه بۆ (80) هه‌زار به شێوه‌یه‌ك كه (90) هه‌زار پێشمه‌رگه خانه‌نشین ده‌كرێن و (20) هه‌زاری تریان ده‌خرێنه چوارچێوه‌ی دوو فیرقه‌ی سوپای عێراقییه‌وه كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق ده‌بێت."
یاوه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی خانه‌نشین ده‌كرێن 80% ی مووچه‌كانی خۆیان ده‌درێتێ.
وتیشی "به پێی رێكه‌وتنێك له نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غدادا بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت ته‌رخان ده‌كرێت بۆ پێشمه‌رگه كه‌مئه‌ندام و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان."
جێی ئاماژه‌یه دوێنێ سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند دوو وه‌فدی كوردی سه‌ردانی به‌غداد ده‌كه‌ن بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی هێزی پێشمه‌رگه و گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی كوردستان كه به‌م دواییه حكومه‌تی هه‌رێم له گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایكی بیانی‌دا ئیمزایكرد. |